لەو چاوپێکەوتنەدا مامۆستا عەبدوڕڕەحمان پیرانی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە پێکهاتنی ئەو دانیشتنە، وتی: زۆرم پێ خۆش بوو دانیشتنەکان ڕوودەڕوو بان، بەڵام بەهۆی بەربڵاوی جوگرافیایی جەماعەت، چاوپێکەوتنی ڕوودەڕوو لەگەڵ تەواوی ئەندامان بە سانایی ناڕەخسێت. مامۆستا پیرانی لە سەرەتادا بە ئاماژە بە دەسپێک و بەردەوامی بێداری ئیسلامیی لە یەکسەد ساڵ لەمەوبەر، باسی لە بەرزیی و نزمییەکانی بێداریی ئیسلامیی کرد و وێڕای باس لە هێندێ دەسکەوتەکانی بێداریی ئیسلامی، ئاماژەی بە بەشێک لە خاڵە لاوازەکانی ئامانج و بەرنامەکانی بێداریی ئیسلامی کرد و پێی وابوو که ئەزموونەکانی بەهاری عەرەبی لە ناوچەدا، پەیامی گرینگی بۆ لایەن و بزاڤە ئیسلامییەکان لە ناوچە و جیهاندا پێیە. ئەو لە درێژەدا، وێڕای ئاماژە بە پێویستیی هێندێک گۆڕانکاری لە ئامانج و بەرنامەکانی بزووتنەوە ئیسلامییەکان، چوونه نێو بازنەی گۆڕانکاریی بە پێویست زانی.
 جێی ئاماژەیە لە سەرەتای ئەو دانیشتنه و دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قوڕئانی پیرۆز لە لایەن قوڕئانخوێنی بەناوبانگی پارێزگای کوردستان، بەڕێز سەید عەبباس حوسەینی، مامۆستا ڕەئووف ئیسلاحجوو، بەرپرسی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی لقی کوردستان، وێڕای بەخێرھاتنکردنی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح و ئەندامان و لایەنگرانی لقی کوردستانی بەشداربوو لە کۆڕەکە، وتی چالاکییەکانی جەماعەت لە لقی کوردستان، بەشێوازێکی چالاکانە لە گەڕ دایە و هەر لەو ڕاستایە ئاماژەی بە هێندێک بەرنامەی داهاتوو لە پارێزگادا کرد.
 لە کۆتاییدا مامۆستا پیرانی وەڵامی پرسیاری ئامادەبوونی دایەوە و ئاماژەی بە خاڵانێکی گرینگ سەبارەت بە بابەتەکانی وڵات و ناوچە کرد.